پاش داخرانی كارخانەی “ئێستێك”ی کوردستان له سنه، چارەنووسی زیاتر لە ١٠٠ كرێكاری ئەم كارخانەیە هەروا ناڕوونە.
پاش داخرانی كارخانەی ئێستێكی کوردستان لە سنە لە مانگی ڕەشەممەی ڕابردوودا، كرێكارانی ئەم كارخانەیە لە كۆتاییەكانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووهو تا ٢١ی خاكەلێوەی ئەمساڵ ٣ جار لە بەردەم پارێزگای سنەو ٣ جاریش لەبەردەم بینای ئەم كارخانەیە كۆبوونەوە تا بەم جۆرە تا ئەو كاتەی بارودۆخی بەڕێوەبەریی ئەم كارخانەیە ڕوون دەبێتەوە، ڕێگەیەك بۆ دەستبەكاربوونەوەی دووبارەی خۆیان لەم کارخانهیه بدۆزنەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەم هەوڵانە بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتوون.
ژمارهی ئەم كەسانەی لە سەرەتای وهگهڕکهوتنی ئەم كارخانەیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریان تێدا دهکرد نزیكەی ٤٠٠ كەس بوو، بەڵام پاش ئەوەی كە بەڕێوەبەریی ئەم كارخانەیە لەگەڵ كۆمەڵە گرفتێك بەرەوڕوو بۆوە، ساڵ بە ساڵ كۆمەڵێك لەم كرێكارانە لە سەر كارەكانیان دەركران.
هەواڵی داخرانی كارخانەی ئێستێكی کوردستان بۆ جارێكی دیكە بیرەوەریی تاڵی داخرانی كارخانەی ڕستنو چنینی سنەی وەبیر هێنایەوە، ئەم کارخانهیهش لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی هەتاوی داخراو بە داخرانی ڕزقو ڕۆزیی نیزیكەی ٧٠٠ كەس بڕا كە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەوێدا کاریان دهکرد.
شایانی باسە هەموو ساڵێك حەشیمەتی بێكارانی پارێزگای سنە زیاتر دەبێو، بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئاماری ئێران نرخی بێكاری لە سنە لە ساڵی ڕابردوودا لەچاو ماوەی هاوشێوەی سااڵی پێشتر زیادی كردوە؛بەڵام لە جێگای دامەزراندنی كارخانەی گەورە لەم پارێزگایە، بەرە بەرە یەكە بەرهەمهێنەر و سەنعەتییە گەورەكانی پارێزگای سنە كە ژمارهشیان زۆر كەمە، دادەخرێن و لە كار دەكەون.