چالاکێکی بەندکراوی خەڵکی بانە لە دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، سەرەڕای ئەوەیکە نەخۆشیی دڵی هەیە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، فاتێح مەجیدی، چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیی بەساڵاچووی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بانە کە نەخۆشی دڵی هەیە و دوای دەسبەسەرکرانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و تەندروستیی ناوبراو بەرەوڕووی مەترسی بووەتەوە و بەرپرسانی دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە هیج گرینگییەک بە دۆخی تەندروستی ناوبراو نادەن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی دەسبەسەر کرانی ٨ چالاکی مەدەنی و کرێکاری خەڵکی شاری بانەی بڵاو کرایەوە کە “فاتیح مەجیدی” تەمەن ٦٤ ساڵ یەکێک لەو کەسانەیە کە دوای دەسبەسەرکران بۆ دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گوازراوەتەوە و هەر لەو بارەیەوە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەکەی وتی: فاتیح مەجیدی دڵی بە باتری کار دەکا و لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر چاوەدێریی پزیشکی پسپۆڕ بووە، بەو حاڵەشەوە لەو ڕۆژەوە کە دەسبەسەر کراوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و ئەوەش نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە “فاتیح مەجیدی” پێشتر مامۆستای قوتابخانە و فەرمانبەری فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بانە بووە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەجایی شار بەند کراوە.