کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جێژنی ڕەمەزان پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کردوە. لە پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە پێویستە بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی زیاتر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بین و بە هەموو لایەکمان تێبکۆشین نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و خەڵکی لە ئێراندا بێنینە دی.
دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانانی خۆشەویست!
بهبۆنهی هاتنی جێژنی ڕهمهزان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزباییتان پێدەڵێم.
هاتنی جێژنی ڕەمەزان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هەتا ئێستای دەسەڵاتی خۆسەپێن و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵام خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەسخستنی ماف و ئازادییەکانیان دژی ئەو ڕێژیمە بەردەوامە.
بێگومان یەکڕیزیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەمو پێکهاتە و ئایین ئایینزاکانیهوە، پێداویستیەکی گرینکی خەباتی نەتەوایەتیی ئیمەی کوردە لە پێناو سەرکەوتنی خەباتەکەمان و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانمان؛ بۆیەش دەبێ بە یەکگرتوویی زیاترەوە لەو سەنگەرەدا بە هەموو تواناوە شانبەشانی یەکتر تێ بکۆشین.
هیوادارم ئەم بۆنە ئایینییە هەوێنی تەبایی و یەکدڵی بێ و خۆشەویستیی زیاتر لەگەڵ خۆی بۆ گەلەکەمان بەدیاری بێنێ.
جارێکی دیکەش جێژنتان پیرۆز و بە هیوای سەرکەوتن.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی