جێگری سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان‌و بنه‌ماڵه ده‌ڵێ قانوونه‌کانی ئێران وه‌ک پێویست له پشتی ژنان نین.
ئه‌و ده‌ڵێ به‌هۆی بۆشایی قانوونی له پێڕاگه‌یشتن به کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئێستاش هه‌موو کێشه‌و گرفته‌کان ده‌چێته‌وه ده‌زگای قه‌زایی‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ش که قانوون پشتگیریی ژنان ناکا؛ شه‌پۆلی زیانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌ر دێ‌و زیاتر ده‌بن.
شه‌هیندوخت مه‌ولاوێردی له کۆبوونه‌وه‌ی به‌هاناوه‌چوونی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا گوتی: په‌رسه‌ندنی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی کۆمه‌ڵگا له قۆناغی تێپه‌ڕین دایه‌و بۆیه بۆ که‌مکردنه‌وه له زیانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بێ ڕێکخراوه مه‌ده‌نی‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بێنه پێشه‌وه، چونکی ئه‌گه‌ر وانه‌بێ ژنان یه‌که‌م گرووپی کۆمه‌ڵگان که ده‌بێ باجی قورسی ئه‌و زیانه کۆمه‌ڵایه‌تییانه بده‌ن.
مه‌ولاوێردی به ئاماژه به بۆشایی قانوونی پێڕاگه‌یشتن به کێشه‌ی ژنان له ئێران گوتی هه‌ر ئه‌و بۆشاییه وای کرد که مانگی ڕابردوو ژنێک به ده‌ستی مێرده موعتاده‌که‌ی تێدا بچێ.
جێگری سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان‌و بنه‌ماڵه گوتی ئه‌و ژنه پێش ڕووداوه دڵته‌زێنه‌که سه‌ردانی ناوه‌ندێکی ڕاوێژکاریی ده‌وڵه‌تیی کردبوو، به‌ڵام وه‌ک باوه دیسان به قسه‌و دڵخۆشکردن ناردبوویانه‌وه ماڵێ.
ئه‌و گوتی سیستمی قه‌زایی ناتوانێ پێ به پێی ئه‌و خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییانه بێته پێشێ‌و به‌رنامه‌ی بۆ که‌مکردنه‌وه‌یان هه‌بێ.