دایە کاڵێ شەنگەپوور، دایکی شەهید” سەعید غوڵام یەگانە” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دایە” کاڵێ شەنگەپوور” دایکی شەهید” سەعید غوڵام یەگانە” و خۆشکی شەهید” ڕەحمان شەنگەپوور”ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە کاڵێ، کەسێکی نیشتمانپەروە و بنەماڵەیەکی کوردپەروەری شاری مەهابادن کە بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ خاک ونیشتمان، جگەرگۆشەیەکی بەناوی شەهید” سەعید غۆڵام یەگانە” پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
شەهید سەعید یەگانە، پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات بووە کە بەداخەوە لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی هاورێ لەگەڵ پۆلێکی دیکەی پێشمەرگە، گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان دەکا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە برایەکی دایە کاڵێ، بەناوی شەهید” ڕەحمان شەنگەپوور” هاوڕێ لەگەڵ ٥٩ لاوەکەی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە گولـلە باران کرا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی دایە “کاڵێ شەنگەپوور” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.