سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد چووە ناو شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن.
سوعدا خەدیرزادە، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار کە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە، لە کاتێکدا شەشەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێپەڕاند، بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ چوونەتە لای و پێیان وتووە کە ئێمە لەم دۆسیەیەدا هیچ دەسەڵاتێکمان نییە و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ڕێگرە لە ئازادی ئەودا و ناوبراویش ڕایگەیاندووە بەردەوام دەبێ لە مانگرتن هەتا ڕوونبوونەوەی دۆسییەکەی.
سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە دووگیانە و کۆرپەکەی ٨ مانگانە، لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتووە.
جێگای ئاماژەیە سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ بەندیخانی ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
رێکخراوی مافی مروڤی “هەنگاو”چەند ڕۆژ پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە و هێزە ئەمنییەکان پێشنیاری دوور لە ئەخلاقیان بە من داوە.