لەگەڵ هاتنە سەر کاری ئیبراهیم ڕەئیسی ئاماری لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا دوو هێندەی پێشوو بەرز بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هاوبەشی دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا کەمینە نەتەوەکانی ئێران، زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانیان بووە کە لەو ڕێژەیە لەسێدارەدانی شارۆمەندانی بەلووچ بەشێوەیەکی بەرچاو و سەرسوورهێنەر بەرز بووەتەوە و سەتا ٢١ی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو بەلووچ بوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنیا سەتا ٢تا ٦ی حەشیمەتی ئێران بەلووچن و لەگەڵ هاتنە سەر کاری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکۆماری ڕێژیم لە دەوڵەتی سێزدەیەم ئاماری لە سێدارەدان بە نیسبەت ساڵی پێشوو سەتا ٥٠ بەرز بووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە لەسێدارەدانی نێوان ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠٢١ لە نێوان ١٣٨ کەس کە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزب و ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیم لەسێدارە دراون، سەتا ٥١ی کورد بوون و سەتا ٢٨ی بەلووچ و سەتا ١٥ی عەرەب بوون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئەو دوو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردووە کە گرینگی بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەت لەسێدارەدان، بخەنە ڕیزی بەرنامەکانی خۆیان بۆ ئەگەری هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.