دەیان چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئێران لەدژکردەوە بە سەرکوتی مامۆستایان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ١٤٨ چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، زۆربوونی گوشاری ئەمنییەتی و قەزایی بۆ سەر چالاکانی سێنفیی مامۆستایان و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی شارۆمەندی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە بە ڕەخنەگرتن لە شێوەی بەڕێوەبەریی وڵات و دژە مرۆییبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییان دا و جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەو شێوە لە وڵاتدارییە پەرە بە هەژاری، ناسەقامگیری ئابووری و جیاوازی چینایەتی لە نێوان توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا دەدا و ئێران دەگاتە خاڵی بێگەڕانەوە.
جێی ئاماژەیە کە لە بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانی کرێکار هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چەند چالاکی سێنفیی مامۆستایان و چوار کەسیان دەسبەسەر کردووە.