دادستێنی گشتیی پەروەندەی حەمید نووری داوای بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ ناوبراوەوە بە تاوانی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتیی کرد.
ڕۆژی هەینی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری “ستۆکهۆڵم”ـی پێتەختی سوئێد ٨٩هەمین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی “حەمید نووری، تاوانباری سەرەکی بۆ لە سێدارەدانی بەندکراوانی بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی”، بە ئامادەبوونی شایەتحاڵان و ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانیان بەڕێوەچوو و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ناوبراو تاوانباری سەرەکییە لە ئێعدامکردنی بەندکراوانی بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی.
بە وتەی پارێزەری بنەماڵەی قوربانیان، حەمید نووری ڕۆڵی سەرەکی لە ئێعدامکردنی بە کۆمەڵی بەندکراوانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٦٧دا هەبووە و داوایان کردووە کە سزای توندی بەسەردا بسەپێندرێ و لە کۆبوونەوەکانی پێشتری دادگادا هەر لەسەر ئەوە سوور بوون کە ناوبراو دەستی بە خوێنی بەندکراواندا سوور بووە و حەمید نووری لە دانیشتنی دادگادا لەگەڵ بنەماڵەی خۆی قسەی کردووە و گاڵتەی بە داواکاریی شایەتحاڵان و پارێزەران کردووە، بنەماڵەکەشی بە وێنەی تێرۆریست قاسم سولەیمانی لە دادگادا ئامادە بوون، ئەوەش لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە.