ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی: ڕێژیمی ئێران کارگەی سانتریفیوژی بۆ ژێرزەوینی نەتەنز ڕاگواستووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز “ڕافایل گڕووسی” سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کارگەی دروستکردنی کەرەستەی سانتریفیوژی لە دامەزراوەی ناوکیی “تێسا”ی، کەرەج بۆ یەکێک لە ساڵۆنەکانی ژێرزەوینی نەتەنز گواستووەتەوە، بەوەش تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانن پێش بە ئەگەری هێرشی هەوایی بۆ سەر ئەو دامەزراوەیە بگرن.
لەو پێوەندییەدا سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند تا ئەو کاتەی نەگەین بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاژانس هیچ چەشنە زانیارییەک نادەین بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی.
جێی ئاماژەیە کە دامەزراوەی نەتەنز لە ساڵی رابردوودا کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ڕێژیمی ئێران ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.