ئەندامێکی دێموکراتی کۆنگرەی ئەمریکا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و بەردەوام هەڕەشە لە هاوپەیمانانی ئەمریکا دەکا.
ڕۆژی هەینی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، تێد دویچ، ئەندامی حیزبی دێموکراتی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، وتی: ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا هەوڵی ئەوە دەدا کە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و بەو کارەی هاوپەیمانان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخاتە ژێر هەڕەشەی خۆیەوە و سپای تێرۆریستی پاسدارانیش بەردەوام خەریکە پشتیوانی لە میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا دەکا و بۆ ئەوەی دەستی ئاواڵەتر بێ بۆ کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆرسیتیی.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە دەبێ ئەمریکا پێش لەو هەڕەشانە بگری کە ڕێژیمی ئێران دەیکا و هەروەها نابێ هیچکات ڕێگە بدا کە کۆماری ئیسلامیی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
هەر لەو بارەیەوە، کریس مۆرفی، سێناتۆری حیزبی دێموکراتی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تویتێر”ـی خۆی نووسی: تا ئێستاش چاوەڕێی هەموو دژبەرانی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانین تا ڕێگەیەکی باشتر بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوکی بدۆزینەوە.