سپای پاسداران لە پیلانێکی تێرۆریستیدا دەیهەویست لە ڕێگەی باندێکی قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکان لە ئورووپا، سێ کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام بدا بەڵام پیلانەکەی ئاشکرا بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئێران ئینتێرناشناڵ” ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزە تێرۆریستییەکانی سپای قودسی پاسداران دەیانویست لە ڕێگەی قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکانەوە سێ کردەوەی تێرۆریستیی لە وڵاتانی تورکیە، ئاڵمان و فەرانسە ئەنجام بدەن، بۆ ئەو کردەوەیەش پیلانێکی تۆکمەی داڕشتبوو، بەڵام ئەو پیلانە تێرۆریستییەی سپای پاسداران ئاشکرا کراوە و ئەندامێکی “یەگانی ٨٤٠ـی سپای قودس”ـی ئەو ڕێژیمە لە یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی دەسبەسەر کراوە.
ئەو تێرۆریستەی سپای پاسداران کە دەسبەسەر کراوە ئاشکرای کردووە کە بۆ دەسپێکی داڕشتی پیلانی ئەو تێرۆرانە لە ئورووپا، زیاتر لە ١٥٠هەزار دۆلاری وەرگرتووە و بڕیار وابووە کە دوای ئەوەی کاری تێرۆریستییەکەی تەواو بێ، بڕی یەک میلیۆن دۆلار وەربگرێ. و مەئموورییەتەکەی ئەوە بووە کە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کە لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستانبول کارمەند بووە و تێرۆرکردنی ژێنێڕاڵێکی ئەمریکایی لە ئاڵمان و ڕۆژنامەنووسێکیش لە فەرانسە تێرۆر بکا.