کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆڕێکی ڕێزلێنانی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە وەرزشوانانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد و بەڵینی گرینگیی زیاتری بە وەرزش لە نێو حیزبدا دا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداری بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەرزشوانانی نێو ڕیزەکانی حیزب لە لایەن کۆمیسیۆنی پەروەدەی حیزبەوە کۆڕێکی ڕێزلێنان بەڕیوەچوو.
سەرەتای کۆڕەکە بەڕێز ڕەحمان سەلیمی جیگری کۆمیسیۆنی پەروەردە و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێرای بەخێرهاتی بەشداربوان باسێکی لە سەر وەرزش پیشکەش کرد و ئاماژەی بە گرینگیدان و ڕۆڵی وەرزشوانانی حیزبی دێموکرات کرد و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە کۆمیسیۆنی پەروەردە گرینگی تایبەت بە بوارەکانی وەرزش دەدا و بە دەم داواکاریی وەرزشوانانەوە چووە.
دواتر جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سپاسی وەرزشوانانی کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بواری تۆپی پێ و والیباڵدا سەرکەوتنیان بە دەست هێنا و وتی: پێویستە ئۆرگانی پەیوەندیدار بە بواری وەرزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو هەمیشە لە بوارەکانی وەرزشدا هەوڵی باشتر بدا.