حەسەن قازیزادەی هاشمی، وەزیری بێهداشت، دەرمانو فێركاریی پزیشكیی ئێران دەڵێ لە ئێران ساڵانە ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی ئێدز تا ئاستی سەدی ١٠ زیاتر دەبێ.
هاشمی لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا گوتی لە ڕابردوودا هۆكاری سەرەكیی ئێدز لە ئێران گواستنهوهی له ڕێگای بهکارهێنانی دهرزی له نێو موعتادهکانی توشبوو به ماددەی هۆشبەر بوو، بەڵام ئەمڕۆكە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ئەم ڤیرووسە “پێوەندییە جینسیەكانە”و بەكارهێنانی شیشەو مادەی هۆشبەری سەنعەتیش پەرەیان بە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە داوە.
بە قسەی وەزیری بێهداشت، یەكێك لە هۆكارەكانی پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە لە ئێران “شاردنەوەی تووشبوونو نەدركاندنی ڕاستییەكانی ئەم نەخۆشییە لە لای خەڵكو ناوهنده دهرمانییهکانە.”
هاشمی هەروەها دەڵێ چهندی ڕێژەی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵگادا زیاتر بن، پەرەسەندنی گواستنەوەی ڤیرووسی ئێدزیش بە هەمان شێوە ڕوو لە زیاد بوون دهکا.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئێدز لە ئێران لە ساڵی ١٣٦٥ تا ئێستا ٣١ هەزار كەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە دەستنیشان كراونو بەو جۆرە كە مەزندە كراوە ١٢٠ هەزار كەسی دیكەش توشبووی ئەم نەخۆشییەن، بەڵام ناویان له ناوهندهکانی دهرمانیدا تۆمار نهکراوه. لە نێو سەرجەم كەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییەش لە ئێران تا ئێستا نزیكەی ٧ هەزار كەس گیانیان لە دەست داوەو نزیكەی سەدی ١٥ی تووشبووانیش لە ژنان پێك هاتوون.
شایانی باسە وەزارەتی بێهداشت ڕایگەیاندووە كە ڕێژەی تووشبووان بە ئێدز لە جیهان لە كەمی داوە، بەڵام لە ئێرانو وڵاتانی دراوسێی ئێران ئاستی ئەم نەخۆشییە ڕوو لە هەڵكشانە.