دوو لاوی مەریوانی بە تەقەی بەکرێگیراوانی رێژیم لە نزیک گوندی “حەسەناوڵە”ی مەریوان بریندار بوون.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،شەوی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، دوو برا بە ناوەکانی سامان قەیتەران و جەبار قەیتەران کە ئەندامی سوپای پاسدارانن و بە پشتیوانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە مەریوان و دەوروبەری زۆرگیری و چەتەیی دەکەن، لە نزیک گوندی «حەسەناوڵە» بە چەکی «تاپڕ» لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە عوسمان وەیسی کردووە و دواتر کەسێکی دیکەشیان بە ناوی «کەیوان» بە چەقۆ بریندار کردووە.
کەیوان بۆ چارەسەری پزشکی لە نەخۆشخانەی مەریوان لەژێر چاودێریدایە و عوسمان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە کراوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە. جێگای ئاماژەیە کە عوسمان وەیسی خەڵکی گوندی «گوڵچێر»، خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە.