نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم: هاوسەر، بنەماڵەی قاڵیباف لە سەفەری تورکیەدا، بێجگە کڕینی پێداویستییەکانی منداڵ، دوو خانوویان بە ٤٠ میلیارد تمەن کڕیوە.
غوڵامعەلی جەعفەرزادە، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ “دیدبانێ ئیران، سەرەڕای داوای دەرکردنی محەممەد باقر قاڵیباف لە سەرۆکایەتیی مەجلیس وتی: بەڵگەگەلێکمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ قالیباف دوو خانووی لە تورکیە کڕیوە و کەسێک کە دوو خانوو لە خۆشترین گەڕەکەکانی تورکیە بە ٢٠ میلیۆن لیر کە دەکاتە ٤٠ میلیارد تمەن بکڕێ، ناتوانی وەکوو سەرۆکی مەجلیس بمێنێتەوە و دەبێ بە خێرایی لەسەر کار لاببردرێ.
ناوبراو بەئاماژە بە گەندەڵییەکانی قاڵیباف و بنەماڵەکەی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوە یەکەمین جار نییە کە لەوجۆرە گەندەڵییانە لە قاڵیباف دەبینین، گەندەڵی و دزییەکانی ناوبراولە شارەوانی تاران، ماڵ و مڵکە زۆر و پارە خواردنەکانی هاوسەری “زەهرا موشیر” سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو بنەماڵەیە دڵسۆزی خەڵک و وڵات نین.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتریش قاڵیباف، ئەو کاتەی کە شارەداری تاران بووە، تۆمەتبار بووە بە گەندەڵیی ماڵیی “هێلدینگ پاس”، بە یارمەتی ئەندامانی باڵای سپای پاسداران و هەروەها یارمەتی ماڵی زۆر بە دامەزراوەی بەناو خێرخوازی هاوژینەکەی و تا ئێستاش دەزگای قەزایی ڕێژیم لە هیچ یەک لەو تۆمەتانەی نەکۆڵیوەتەوە.