سه‌رۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران ده‌ڵێ له ساڵی ٩٤ دا ١٦٥٠٠ که‌س له ئێران به ڕووداوی هاتوچۆ تێداچوون.
سه‌رتیپ ته‌قی مێهری گوتی که ژماره‌ی ڕووداوه‌کانی هاتوچۆ له ئێران که حاڵه‌تی مردنی لێده‌که‌وێته‌وه، سێ هینده‌ی وڵاتانی ڕوو له گه‌شه‌یه.
ئه‌و “خێرایی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، لێخوڕین به سه‌رخۆشی، گوێنه‌دان به چراسوور و خراپیی ڕێگاوبان”ی به هۆکاره‌کانی زۆربوونی ڕووداوی هاتوچۆ له ئێران ناوبرد‌و، گوتی: زیاتر له سه‌دی ٧٠ی ئه‌و که‌سانه‌ی له ڕووداوه‌کانی هاتوچۆدا گیانیان له ده‌ست داوه، له جاده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شار بوون‌و سه‌دی ٤٧ ی قوربانییانی نێوشاریش خه‌ڵکی پیاده‌ی سه‌رشه‌قام بوون.
له ماوه‌ی ٥ ساڵی ڕابردوودا پتر له ١٠٠ هه‌زار که‌س له نێوخۆی ئێران به‌هۆی ڕووداوه‌کانی هاتوچۆ تێداچوون.
رووداوی هاتوچۆ له ئێران دوای نه‌خۆشییه‌کانی دڵ‌و شێرپه‌نجه سێهه‌مین هۆکاری مردن‌و تێداچوونهکانهو ئاماره له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی قوربانیانی شه‌ڕو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره یه‌كسانه. جیا له‌وه‌ش زیان‌و تێچووی ئابووریی نزیك به سه‌دی ٨ به‌رهه‌مهێنانی ناخالیسی نێوخۆیه که‌ته‌نیا له ساڵی ١٣٩٠دا نزیك ٥٢ هه‌زار میلیارد تمه‌ن بووه.
ئاماره‌کان ده‌ڵێن ڕێژیمی ئێران له بواری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆی جاده‌كان، له نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا له پله‌ی ١٨٩ وڵاتی جیهان دایه‌و ته‌نیا وڵاتی سیارێلئون له قاڕه‌ی ئافریقا له‌م باره‌یه‌وه له وڵاتی ئێران خراپتره.