بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پەروردەی زانکۆی سۆران، بە بۆنەی یادی ١٢٤ سالەی ڕۆژنامەگەریی کوردی،کۆڕیادێکی لەژێر ناونیشانی “مێژووی ڕۆژنامەگەریی بیستراو و بینراوی کورد” بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنی ناوەندی نووسەرانی کوردستان؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک بە کاتی باشووری کوردستان، بەشی پەروردەی زانکۆی سۆران بە بۆنەی یادی ١٢٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لەژێر ناوی ڕۆژنامەی “کوردستان” و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، بە بەشداریی مامۆستایانی ئەو زانکۆیە و دوو توێژەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڕیادێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی “مێژوی رۆژنامەگەریی بیستراو و بینراو” بەڕیوە برد.
لە پانێلی یەکەمی ئەو کۆڕیادەدا بەڕێز پڕۆفسۆری یاریدەدەر،د.ئەبووبەکر دێوانە حەمەد باڵەکی، مامۆستای زانکۆی سۆران باسێکی لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردستان لە میسرپێشکەش کرد، پاشان مامۆستا ئەنوەر ڕەوشەن؛ نووسەر و بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبی ــ فەرهەنگیی مەریوان باسێکی لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەریی بینراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد کە بەڕێزیان لە نێوئاخنی باسەکەیدا ئاماژەی بە قۆناغەکانی گەشەکردنی ڕۆژنامەگەریی بینراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
پانێلێکی تری ئەم کۆڕیادە تەرخان کرابوو بە مێژوی رۆژنامەگەریی بیستراوە کە لەلایەن مامۆستا فاتێح مستەفایی، نووسەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان وتارێکی لەسەر ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی بیستراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد کە هەردوو توێژینەوەکە کەوتنە بەر سەرنجی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سۆران.
دواتر مامۆستا ڕێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی سۆران باسێکی لەسەر ڕۆژنامە، وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگ لە توێژینەوەی مێژووییدا باس کرد و پانێلی کۆتاییی تەرخان کرابوو بە مامۆستا پەیوەند محەممەد حەمەد، مامۆستای زانکۆی سۆران کە باسەکەیان تایبەت بوو بە پرسی ژن و ڕەنگدانەوەی ژنان لە ڕۆژنامەگەریی کوردی، لە ساڵەکانی ۱۹۱۳_ ١٩٣٢ی زایینیدا.
لە کۆتاییشدا بەشداربووانی کۆڕیادەکە سەرەنج، بۆچوون، پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان خستە بەرباس و لەلایەن پانێلیستەکانەوە وەڵام درانەوە.