ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر چەندین بنکەی سپای قودس و ئەرتەشی سووریە لە دەمێشق.
کاتژمێر نزیک یەکی پاش نیوەڕۆ، ڕۆژی چوارشەمە، ٧ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی ، ئەرتەشی ئیسرائیل بە چەندین مووشەک مۆڵگەکانی هاوبەش و جیاجیای هێزەکانی سپای قودس و ئەرتەشی سووریای لە شوێنێک بە ناوی “قودسیا” دەمێشقی پێتەختی وڵاتی سووریا کردە ئامانج .
ئەلعەرەبییە لەم بارەوە ڕایگەیاند کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگایەکەی چەکوچۆڵی نێردراوی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵای لوبنان بووە کە بە تەواوەتی لەناو چووە.
هەروەها چاوەدێری مافی مروڤی سووریا بڵاوی کردوەتەوە کە ئەم هێرشە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل و بە مووشەکی زەوین بە زەوین بووە و بنکەکانی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنانی کردوەتە ئامانج و ٩ کوژراو و چەند برینداری لێ کەوتووەتەوە.