زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد ١٨ مانگە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی ،زەینەب جەلالیان، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە و پێی ناوەتە ناو پازدەیەمین ساڵی بەندکرانی، لە دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی یەزد هێشتا لە هەبوونی مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی، بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ١٨ مانگ تێپەڕیوە هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی جەلالیان نەیانتوانیوە ناوبراو ببینن و چەندین جار داوای بنەماڵەکەی بۆ بینینی لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە ڕەتکراوەتەوە.
زێنەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەسبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران سزای ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا( موحارێبە) لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
سزای سێدارەی ناوبراو ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و پاشان لە ساڵی ١٣٩٠ وەبەر لێبوردن کەوت و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.
ناوبراو لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئێڤینی تاران، قەرچەکی وەرامین، کرمان و خۆی ڕاگیراوە و پاییزی ساڵی ڕابردوو بۆ بەندیخانەی یەزد گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەماوە.