دوای ئاڵۆزییەکانی سنووری ئێران و ئەفغانستان کۆماری ئیسلامی،دەیان تانک و هێلیکۆپتێری گواستووەتەوە بۆ سنووری ئەفغانستان.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی کۆمەڵێکی زۆر تانک و کەرەستەی سەربازیی لە لەشکەری ٨٨ی “زاهێدان”ەوە گوازراوەتەوە و لە سنووری ئەفغانستان جێگیر کراون و هەروەها لەلایەکی دیکەوە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەفغانستان، ڤیدیۆگەلێکیان بڵاو کردۆتەوە کە دەیان هێلیکۆپتەری ڕێژیمی ئێران لە ئاسمانی سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و ئەفغانستان دەسوڕێنەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسانی خۆجێیی تاڵیبان لە هەرێمی هەرات، شەممەی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کە بەهۆی چوونەسەری کێشەی نێوان هێزەکانی تاڵیبان و سەربازەکانی ئێران، سنووری “ئیسلام قەلعە” داخراوە.
هاوکات مەلا محەممەد یەعقووب، بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان وتی: هەوڵی تێکدەرانە لە سنوورەکانی ئەفغانستان و لەنێو خاکی ئەفغانستاندا قەبووڵ ناکرێ و دەبێ وڵاتانی دراوسێ نەبنە هۆکاری کێشە بۆ ئەفغانستان.