وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەتەنیا ڕێگەیەچارە دەزانێ بۆ پێشگرتن لە بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنا وتی: دەوڵەتی ئەمریکا بەردەوام لەسەر ئەو باوەڕەیە کە باشترین ڕێگە بۆ پێشگرتن لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکییە و گەڕانەوەی ئێرانە بە پێبەندبوون بە خاڵەکانی ڕێککەوتنی بەرجام.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، هێزی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی ئێران زیاتر دەکا.
لەلایەککی دیکەوە سێناتۆر ” جیم ڕەیش” ئەندامی باڵای کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، بەئاماژە بەوەیکە ئەگەر ڕێژیمی ئێران، چالاکییە ناوکییەکانی بەمەبەستی دەسپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکیی درێژە پێبدا، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی سەربازیی ئیسرائیل دەبێتەوە وتی: پێویستە ئەمریکا هاوکات لەگەڵ درێژەی وتووێژەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕووبەڕووبەی هەموو هەوڵە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە ببێتەوە.
ئەو سێناتۆرە لە کۆتاییدا ڕووبە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا باشترە لە وەیکە ڕێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بکەین.