نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە دۆخی نالەباری نێوخۆیی دەوڵەت و ئەگەری لێکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی ئێران لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەت هۆشداریان دا.
لەگەڵ هاتنەسەرکاری “ئیبراهیم ڕەئیسی” و دەستبەکاربوونی دەوڵەتی سێزدەهەم، دۆخی ئابووریی ئێران و پەرەسەندنی گەندەڵی و وەپشتگوێخستنی ویست و داواکانی گەلانی ئێران، و پێداگری لەسەر مەرجەکانی سەرووی ڕێککەوتنی بەرجام و بە بنبەست گەیشتنی وتووێژە ناوکییەکان، ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
هەر لەو پێوەندییەدا مستەفا قوتبئابادی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، وێڕای ئاماژەکردن بە دۆخی نالەباری نێوخۆیی، پێشنیاری گەڵاڵەی “لێوەشاوە نەبوون”ـی، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی هێنایە بەر باس و لەو بارەوە وتی: “تەنانەت ئەگەر وەزیرەکانیش بگۆڕدرێن، کێشەکان چارەسەر نابن و هەر وەک خۆیان دەمێننەوە. لە ڕاستیدا کێشە لە وەزیرەکان نییە و لە جێگایەکی دیکەیە تەنیا ڕێگاچارە گەڵاڵەی”لێوەشاوە نەبوون”ـی سەرۆککۆمارە؛ چوون لێپرسینەوە لە یەک یان چەند وەزیر هیچ سوودێکی نییە و بۆیەش هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیس، پێش بە لێپرسینەوە دەگرن، چونکە جۆری بیرکردنەوەی ئەوان هەوڵدانە بۆ ڕاگرتنی زۆرینەی کابینەکە لە کاتێکدا هیچ پێکەوەهەڵکردنێک لە مجلیسدا بوونی نییە و دەوڵەت یەکلایەنە رایدەگەیەنێ کە لەگەڵ مەجلیس و نوێنەرانی مەجلیس کۆکین بەڵام نوێنەرانی مەجلیس، ئەو شیوە هەڵکردن و هەڵسوکەوتە شیاوەی کە ئەوان باسی دەکەن، نە دیتویانە و نە ئەزموونیان کردووە”.