بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ٤٠وڵات بۆ پشتیوانی لە ئۆکراین، جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە پێویستە هاوکاریی سەربازیی ئەو وڵاتە بکرێ و ئۆکراینیش داوای هاوکاریی سەربازیی زیاتری کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای ئەوەی کە سەفەری بۆ ئۆکراین کرد و داواکاریی ئەو وڵاتەی پێ ڕاگەیێندرا، خانەخوێی کۆبوونەوەیەکی وەئەستۆ گرت کە لە بنکەی ئاسمانیی “ڕامشتاین”، شوێنی مانەوەی هێزە ئەمریکاییەکانە لە وڵاتی ئاڵمان، بەڕێوە دەچێ و لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی ٤٠وڵاتی جیهان بەشدار دەبن و لە بارەی بەرگرییەکانی ئۆکراین وتووێژ دەکرێ و جەخت لەسەر هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئەو وڵاتە دەکرێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە سەفەرەکەیدا بۆ “کیێڤ” بەڵێنی بە ولادێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین و بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتە دا کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی سەربازیی بکەن، بۆ ئەوەی ئۆکراین بتوانێ بەرگری لە هێرشەکانی ڕووسیە بکا و هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆکراین پێویستی بە چەکوچۆڵی قورس بە تایبەت تانک هەیە و ئەمریکا لەو بارەوە ئەوەی لە دەستی بێ بۆ ئەو وڵاتەی دەکا.