پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات بە ناوی “عومەر مەجیدی” ناسراو بە عومەری سۆفی مەجید لە تەمەنی ٨٣ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کاک عومەر مەجیدی، ناسراو بە عومەری سۆفی مەجید، خەڵکی شاری بانە و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و هەروەها دڵسۆز و وەفاداری ڕێبازی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٨٣ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە کەسوکار و هۆگرانی حیزبی دێموکرات کرد.
کاک عومەر ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و تا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا بەوپەڕی شانازییەوە ئەرکی خۆی بەجێ گەیاند و دواتر گەڕایەوە ناو بنەماڵەکەی و تا کاتی کۆچیدوایی، وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک عومەر مەجیدی پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.