ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، سەپاندنی سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەر عوسمان کاوالا و تۆمەتبارانی دیکە لە تورکیەی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناوبرد.
دەزگای قەزایی تورکیە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە پێوەندی لەگەڵ پەروەندەیەکدا کە پێوەندییەکانی تورکیە و ئورووپای تووشی کێشە کردووە، عوسمان کاوالا، چالاکی دیاری تورکیەی بە بەندکرانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی دووشەممە، بە کاردانەوە بە حوکمی نادادپەروەرانەی دادگای تورکیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە؛ ئەو سزایەی کە دادگای تورکیە بۆ “عوسمان کاوالا”ی دیاریکردووە نادادپەروەرانەیە و بەرپرسانی قەزایی تورکیە هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر تۆمەتباربوونی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی” فرانس پرێس” پەروەندەی کاوالا، بەهۆی کارە مرۆڤدۆستانە و خێرخوازییەکانییەوە، لەکاتی دەسبەسەرکرانی ناوبراوەوە لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینییەوە، پێوەندی نێوان تورکیە و وڵاتانی ئورووپایی تووشی کێشە کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە عوسمان کاوالا، جاری یەکەم بە دابینکردنی ماڵیی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٣ی زایینیی تورکیە تۆمەتبار کرابوو کە دواتر ئازاد کرا و دیسان لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیی بە تۆمەتی بەشداری لە کودەتای ساڵی ٢٠١٦ی تورکیە لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە لە دادگایەکی نادادپەروەردا بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا.