دوو سووتەمەنیبەری بەلووچ کە ناوی یەکێکیان ” مونیر محەممەد زێهی”یە و ناسنامەی کەسەکەی دیکە ئاشکرا نەبووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری خاش کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی دووشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شاری خاش بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک تەقە لە ماشینی سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ دەکەن و لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی “مونیر محەممەد زێهی” دەکوژرێ و کەسێکی دیکە کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە بە سەختی بریندار بووە.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە؛ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شوێنی پۆلیسی هاتوچۆ ڕاوەستاون و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک ڕاستەوخۆ تەقە لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە دەکەن و یەکێکیان دەکوژن و یەکێکی تریش بریندار دەکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە ماشینی ئەو هاووڵاتییانە هیچ سووتەمەنییەکی تێدا نەبووە و تەنیا بە گومانی ئەوەیکە ئەو ماشینە سووتەمەنی قاچاخی تێدایە تەقەیان لێکراوە.