خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: هیچ ڕێکەوتێک تا ئێستا بۆ دووبارەکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەشداردا دیاری نەکراوە.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: ئەو ڕاوەستانە لە وتووێژەکاندا بە قازانجی هیچ وڵاتێک نییە و ڕاوەستانی درێژماوەی ئەو وتووێژگەلە خەسارێکی گەورە لە لایەنەکانی بەشدار لە وتووێژەکان دەدا.
ناوبراو هەروەها وتیشی: عەلی باقری، بەرپرسی تیمی وتووێژی ئێران، سەرەڕای ڕاوەستانی وتووێژەکان بەردەوام لەگەڵ ئێنریکە مۆرا، ڕێکخەری کاروباری یەکیەتیی ئورووپا لە وتووێژدایە.
پێویستە بگوترێ کە لە دوایین دانیشتن و وتووێژی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، کۆماری ئیسلامی، داوای لاچوونی سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکای کردبوو و وەکوو مەرجێک بۆ ڕێککەوتن ئەو بابەتەی هێنابووە بەرباس.
خەتیبزادە، سەرەڕای ئەوەیکە داوای لابردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بەدژی ئێران کرد، وتی: دەبێ ئەمریکا لە نێوخۆدا یاسایەک پەسەند بکا کە دەوڵەتی دواتر نەتوانێ ڕێککەوتن لەنێوان ئەو دوو وڵاتە پێشێل بکا و ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوەشینێتەوە.