لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیم، ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەوانیی شووش لەبەردەم بینای شارەوانیی ئەو شارە، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، ڕەشت، ئەراک، تەورێز، ئیلام و کرماشان لەبەردەم ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکانیان و لە شاری تاران لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکانی باشوور لەبەردەم دەرگای کۆمپانیاکە لە ئەهواز، کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کاشی ئیسفەهان لەبەردەم بینای ئۆستانداریی ئیسفەهان و خوێندکارانی زانکۆی “سەنعەتیی شەریف” لە تاران لە حەوشەی زانکۆکە بەڕێوە چوو.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، کارمەندانی ئیدارەی موخابراتی گیلان، کرێکارانی گرێبەستی پیشەی پێترۆشیمیی کیان لە عەسەلوویە و کرێکارانی گەرێبەستی پێترۆشیمیی بووشێهر دەستایندایە مانگرتنی گشتی.