بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێک به‌و مه‌رجه‌ی دەستەواژە به‌ناوبانگه‌کەی ڕۆڵان باڕت واته “مه‌رگی نووسه‌ر” ڕه‌چاوکرێ، سێ ئۆرگان ده‌ور ده‌گێڕن که ده‌بنه هۆی پێکهاتنی پڕۆسه‌یه‌ک به ناوی پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی سەرلەنوێی ده‌ق. ئه‌م سێکوچکەیە بریتییە له: ده‌ق و خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر. بەڵام نه‌بوونی مێتۆدێکی تایبه‌ت یان بەگشتی لاوازیی مێتۆدۆلۆژی بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌ق گه‌وره‌ترین گرفتی ڕه‌خنه‌گری کورده. کە ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ناشاره‌زایی ڕه‌خنه‌گر به‌سه‌ر تیۆرییەکانی سه‌رده‌م و تەنانەت ئه‌گه‌ر هات و ڕه‌خنه‌گر خۆیشی به‌م مێتۆده تیۆریکانەوە ته‌یارکرد، بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌قێک بێگومان داهێنان (Creation) پێویسته.١ واته ڕه‌خنه‌گری کورد ده‌بێ داهێنه‌ر بێ و به شاره‌زایی به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی نوێ و کلاسیکی کوردی‌دا توانایی پڕاکتیزه کردنی مێتۆده‌کەی لە دەقەکەداهه‌بێ. پاشان ئایا ئه‌و ده‌قه به‌م که‌ره‌سه و مێتۆده‌ی ڕه‌خنه‌گر هه‌ڵیبژاردووه ده‌خوێندرێته‌وه؟ واته ده‌کرێ ئێمه هه‌موو ده‌قێک به‌هه‌رچه‌شنه مێتۆدێک بخوێنینه‌وه ؟ ئایا به باڵای هه‌ر چه‌شنه به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی هه‌ر جۆره مێتۆدێک ده‌دووردرێ؟ دیارە دەوری خوێنەری باڵا و دەقی کراوەش لەم پڕۆسەیەدا نابێ پشت گوێ خرێ. وەک نموونە شێعری شاعیرێکی کلاسیک واته “ناڵه‌ی جودایی” نەمر مامۆستا هێمن لە محەکی خوێندنەوەیەکی سەرلەنوێ دەدەین، بە کەرەسەیەکی زۆر ساکار.
پێویستە ئاماژه به‌م خاڵه بکه‌م که بۆ خوێندنه‌وه‌ی سەرلەنوێی شێعری ناڵەی جودایی له‌م کورتەمەجالەدا بەر له هه‌موو شتێک ڕه‌هه‌ندی ده‌ره‌کی شێعرەکە مەبەستە نەک چوونە نێو دنیای هونه‌ری و فه‌ننی و ڕه‌هه‌نده ژووره‌کییەکانی، بۆ وێنه باس له جوانکارییه هونه‌رییەکان و کایه‌کانی زمانی شێعر و… بۆیە هه‌وڵ ده‌ده‌م به ده‌وری ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه‌ی هۆراس‌دا بخولێمه‌وه کە دەڵێ:” ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌س نییه که هۆنراوه جوان بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ ئه‌و هێزە سێحراوی و ئه‌فسانه‌ییه‌ی تێدابێ که ڕووحی گوێگر ڕاکێشێ به‌ره‌و ئه‌و ویست و داخوازانه‌ی ئامانجێتی.” ٢‌به پێی ئه‌م پێناسه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بێ ویست و داخوازی مرۆڤی کوردی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌م بارودۆخه ئه‌سته‌مه‌ی ئێستادا چ بێ؟ وڵامی ئه‌م پرسیاره بۆ گشت لایه‌ک ڕوون و ئاشکرایه.
ئه‌گه‌ر شێعر، ده‌بێ سێ توخمی هه‌ست و خه‌یاڵ و فکری تێدا بێ٣، که به هۆی بوونه‌وه‌رێکی زیندوو به ناوی زمان دێنه‌دی و ده‌بنه بنه‌مای ویست و داخوازییه‌کان (مه‌به‌ست ته‌واوی داخوازییه ئینسانییەکانه وه‌ک داخوازیی ڕووحی و ڕه‌وانی، عاتفی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و…) بۆچی ئه‌م داخوازییه له شێعری زۆربەی شاعیرانی ئەم سه‌رده‌مەدا له چاو شێعری شاعیرانی ڕابردوو و ته‌نانه‌ت به‌ر له ده‌یه‌ی نه‌وه‌د یه‌کجار نزمتره. ئایا ئه‌مه جگه له‌وه‌یه که خوێنه‌ر ویست و داخوازییەکانی خۆی -به وته‌ی هۆراس – له‌و شێعرانه‌دا نا‌بینێته‌وه؟
به‌داخه‌وه زۆربه‌ی شێعره‌کانی به‌ره‌ی ئێستا زۆر و بۆر و درێژ‌دادڕن، که هیچ چه‌شنه یه‌کێتییەکی بابه‌تی و ئۆرگانی تێدا نه‌پارێزراوه. شێعره‌کان بوونه‌ته کۆپیکردن و لاسایی کردنه‌وه‌یه‌کی ناشاره‌زایانه. ئه‌م شێعرانه شێعرگه‌لێکی بێ سۆز و چێژ و پڕ له گرێوگۆڵ، تەماوی و ڕەشپۆش، ئاڵۆز و هەوسارپساو، بەدوور لە مانا و لۆژیک و جوانی و خه‌یاڵ و ڕیتم و هارموونی ناوه‌کی و مۆسیقا و هێزی زمانن.٤ ئه‌م شێعره ته‌جریدییانه له‌به‌ر بێ‌مانایی، وه‌ک شێرکۆ بێکه‌س ده‌ڵێ: له قولله‌ی گۆشه‌گیری دوور له واقع و له خه‌ڵک ده‌ژین، هیچ کام له توخمه‌کانی شێعرییان تێدا به‌دی ناکه‌ی، فۆڕم به شێوه‌یه‌کی یه‌کجار ناشاره‌زایانه پشووی له ناوه‌رۆک بڕیوه و زۆرتر حاڵه‌تی گوتاری و ئابستره به‌خۆوه ده‌گرن تا شێعرێکی دینامیک وزیندوو. حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ده‌ڵێ: “ئه‌م شێعرانه زۆرتر له گوتار نزیک ده‌بنه‌وه چون له‌سه‌ر بناغه‌ی وێنه بڵیند نه‌بوونه‌ته‌وه.”٥ به‌ڕاستی بۆچی شێعر ڕۆڵی جارانی نه‌ماوه، ده‌رگاکان بهه‌ژێنێ و کورسی سوڵتانه دیکتاتۆڕه‌کان بله‌قێنێ و زوڵم و سته‌م ڕه‌ت کاته‌وه. شێعر له مێژوو، له ویژدان، له خاک و نه‌ته‌وه و مه‌به‌سته پیرۆزه‌کان دابڕاوه. دیکتاتۆڕه‌کان بۆچی له شێعرێک بترسن کە لە کاتێکدا خودی شاعیر نازانێ چی کوتووە و خوێنەرانیش لێی حاڵی نابن.٦
دەبێ ئەوەش بڵێم خۆ بڕیار نییە شێعر ببێتە بەیاننامەیەکی سیاسی ڕاستەوخۆ، بەڵام خۆگێڵ کردن لە ئاست کێشەکانی کۆمەڵگا تاوانێکی گەورەیە کە دواڕۆژ گەل و نیشتمان لە یادیان ناکا. ئەم چەشنە شێعرانە هیچ چەشنە ناسنامەیەکی نەتەوەییان پێوەدیار نییە، لە بۆشایی هاتوونەدی و بڵقی سەرئاون. شێعری بێ‌نیشتمان و خاک، درەختی بێ‌ڕەگ و مەلی بێ‌هێلانەیە.٧
پاش ئەم پێشەکییە سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی شێعری لە پەیوەندی لەگەڵ وەرگرەکەیدا، ئەم پرسیارە دێنینە گۆڕێ: بە گەڕانەوە بۆ شێعری شاعیرێکی وەک مامۆستا هێمن، حاڵەتێکی زۆر گرینگ دەبیندرێ، ئەویش ئەمەیە کە شێعری هێمن توانیوێتی بە تەواوی دەربڕی ژیار و شوناسی مرۆڤی کوردی سەردەمی خۆی بێت. هێمن لەگەڵ ئەوەدا کە تایبەتمەندی شاعیری خۆی پێوەدیارە، سەرچاوەیەکی گرینگی مەعریفی و ڕۆشنبیرییە لە سەردەمی خۆیدا. واتە کاتێک شێعری هێمن دەخوێنیتەوە تۆ لەبەردەم خوێندنەوەی قۆناغێکی مێژوویی یان ژیارێکی زۆر تایبەت و دیاریکراودای. هێمن شاعیرێكی بۆنه‌یی‌یه، یانی زۆر جاران به بۆنه‌ی جۆراوجۆر شێعری گوتووه. ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ڕووداوه‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌می خۆی کاریگەرییان لەسەر هەبووە. ئێستا پرسیارەکە: بۆچی شاعیری کورد لەم سەردەمە تایبەتە نەیتوانیوە ئەم ڕۆڵە بگێڕێ؟ وڵامی ئەم پرسیارەمان بە شێوەیەکی گشتی و ناڕاستەوخۆ لە پێشەکی ئەم وتارەدا داوەتەوە، بەڵام پێوەین بەکەلکوەرگرتن لە ئامرازێکی سادە و پراکتیزە کردنی لە شێعری ناڵەی جودایی مامۆستا هێمن وڵامەکە تۆختر بخەینە بەرچاوی خوێنەران.
دوکتور محەممەڕەزا شەفیعی کەدکەنی بۆ توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی شێعری شاعیرێک یان سەردەمێک نموودارێکی تایبەتی داناوە. ئەم نموودارە لە چوار هێڵ پێکدێ کە هەر کام دەربڕی چوار تایبەتمەندی شێعری شاعیرن. لەم نموودارەدا “زاتی شاعیر” خراوەتە ناوەندی ئەم شێمایەوە:
هێڵێ یەک: ئەوپەڕی داهێنان و جوانکارییە هونەری و فەنییەکانە و دەگەڕێتەوە سەر پێناسەی توخمەکانی شێعر و ئەوەی سەبارەت بە خەیاڵ و زمان و ئاهەنگ و گرێ و فۆڕم دێتە گۆڕێ.
هێڵی دوو: ڕادەی چوونە ناو خەڵک و هەروەها چین و توێژەکانی کۆمەڵگای سەردەمی ژیانی شاعیر و کۆمەڵگای داهاتوو و تەنانەت شوێنەکانی تری جیهان.
هێڵی سێ، دەگەڕێتەوە بۆ سەر چوونە ناخی عەواتیفی ئینسانی مرۆڤ.
هێڵی چوار: واتە پشتوانەی فەرهەنگی کە داگری فەرهەنگی ئۆستوورەیی، ئایینی، نەتەوایەتی، زانستی، فەلسەفی و تەنانەت باسە فۆلکلۆریکەکانە.
دوکتور کەدکەنی دەڵێ: ڕادەی درێژبوونی هەر هێڵێک لەم نموودارەدا پێوانەی دەسەڵاتی شاعیرە. بۆ وێنە: لە هێڵی ژمارە یەکدا جوانکارییە هونەری و فەنییەکانە قائانی زۆر بەرچاوە. لە هێڵی ژمارە دوودا واتە پەرەگرتوویی لە نێو کۆمەڵدا سەعدی برەوی پترە، بەڵام لە هێڵی ژمارە سێ‌دا کە بوارە عاتفییەکانی مرۆڤە کەس قەرە لە قەرەی مەولەوی نادا، لە کۆتاییدا هێڵی چوار کە پشتوانەی فەرهەنگییە خاقانی بەرچاوترە. ئەگەر شێعری نالەی جودایی هێمن بەم پێوەرەی دوکتور کەدکەنی لە قالب دەین هەر چوار هێڵی نموودارەکە لە ڕادەبەدەر درێژ دەبنەوە، بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە بە پێی چوار هێڵەکە لە شێعری ناڵەی جوادیی چەند نموونەیەک دێنینەوە:
هێڵێ یەک واتە جوانکارییە هونەری و فەنییەکان:
ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ
کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
ئەو کەسەی نەیبینی ھاتی دوژمنی
نیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی
هێمن یەکێک لەو شاعیرانەیە کە هەرچەند بە شێوەیەکی کلاسیک دەنووسێ، بەڵام ناوەرۆکی شێعرەکانی یەکجار نوێیە و بناغەی شێعرەکانی لەسەر وێنە دامەزراوە. لە لایەکی تریشەوە لە سەنایعی هەمەجۆری ئەدەبی وەک: جیناس، ئیهام، تەزاد، خوازە، تەشبیه و… لە خزمەتکردن بۆ تەسویری ناب کەلکوەردەگرێ. خاڵێکی گرینگی تر ئەوەیە کە هێمن وشەی مردوو زیندوو دەکاتەوە واتە گیانبەخشی بە وشە. وشە لە پێکهاتە و داڕشتی شێعری هێمن‌دا وەها سەقامگیر دەبێ کە زۆر جار باری ماناییەکەی دەکەوێتە سەر شانی و دەبێتە ناوەندی ڕاڤە. ئەگینا وشەی “ئەدی” تەنانەت لە ئاخاڤتنی ئاساییشدا ئێمە بە هەندی وەرناگرین کەچی هێمن دەڵێ:
خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی؟!
هێڵی دوو، پەرەگرتوویی لە ناو کۆمەڵدا:
ئەم هێڵە بەسەر سێ تاقمدا دابەش دەکرێ: خەڵکی ئاسایی، مامناوەندی و چینی تایبەت. واتە هەر سێ تاقم بە پێی هەست و ئاوەزی خۆیان چێژ لە شێعرەکان وەردەگرن، خەڵکی ئاسایی چێژی ئاسایی و چینی تایبەتیش چێژی ڕاڤە و لێکدانەوە. دیارە ڕادەی چوونە ناو خەڵکی ئاسایی شێعری هێمن لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و زۆربەیان وەک گۆرانی دەگوترێنەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە شێعری هێمن نەک هەر بۆ چینی تایبەت کە خەڵکی ئاساییش پەیوەندی لەگەڵ سازدەکەن.
ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە
روو لە لای من کە بە جامی بادەوە
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و ھەشە
تا بمێنێ نووری چاو و ھێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
هەروەها لە هێڵی دوودا شاعیر چون ڕووی دەمی لە مرۆڤایەتییە بەگشتی، دەکەوێتە کارتێکەری شاعیرانی دراوسێ:
“مست مستم ساقیا دستم بگیر!
تا نە افتادم ز پا دستم بگیر”
جا کە سەر خۆش بووم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شێعرە بەرزەی مەولەوی
“بشنو از نی چون حکایت می کند
از جداییھا شکایت می کند”
یان لەو شوێنەی کە ئاماژە بە شێعرەکەی مەولەوی دەکا و ڕاستەوخۆ دەیهێنێ:
“ھر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش”
هیڵی سێ: ئەگەر بڵێین کەمتر شاعرێکی کورد بەقەرا هێمن ڕۆچۆتە ناخی عەواتیفی ئینسانی ڕەنگە هەڵەمان نەکردبێ. هێمن تەنیا و تەنیا دەردی دووری لە وڵات و نیشتمان و یارانێتی کە ئازاری دەدا. هەر بۆیە ئەم دەردە هانیدەدا ناڵەناڵەکەی بخاتە ڕووپەڕی کاغەز:
پارچە گۆشتێکە دڵی من روو نییە
ناڵەناڵی من درەنگە زوو نییە
دەردی دووری، دەردی دووری، کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم رۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خوارد و خەو
خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی؟!
نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
روو لە ھەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێ ژوان و کەونەلانی خۆم
شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
رۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی
یان:
کورردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم!
رۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!
ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟
رۆژگار ھاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد
ھێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد
هێڵی چواریش وەک هێڵەکانی تر پەرەدەستێنێ:
شێعری ناڵەی جودایی پشتیوانەیەکی بەهێزی فەرهەنگی خۆجێیان پێوەدیارە و لە ئەدەبی زارەکی واتە فۆلکلۆر بە باشی کەلک وەردەگیرێ:
ئەو کەسەی نەیھاڕی بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی “زیڕەی نەگەییە ئاسمان”
ئەو کوڕەی ھێشتا لە ژوانێ رێی ھەیە
سەیرە زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە
ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ
بێتە ئێرە، چۆنە ھەی دێی ناکەنێ؟
ئەو کەسەی “دەستی لە مەمکان گیر ببێ”
ئەو کەسەی “تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ”
“چڵکی دەستە ماڵی دنیا” وەک دەڵێن
ماڵ پەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن
هەروەها لە دەکارکردنی کارەکتێری بەیتە فۆلکلۆرییەکان وەک مەم، لاس، شەمزین، سیامەند و برایمۆک تێکنیکی “همذات‌پنداری” دەگەیەنێتە چڵەپۆپە:
کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک “مەمێ”
“یایە زین” لە کوێیە ھاواری کەمێ!
کوا “قەرە تاژدین”، “چەکۆ” و “عەرفۆ” لە کوێن؟
بێنە ھانام وەک پڵینگی چنگ بە خوێن
“لاس”ە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان
وام بە تەنیایی لە نێو خوێنا شەڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ “خانزاد” و “خەزاڵ”؟
زۆر لەمێژە نارە ناری منی نەبیست
ھەر وەکوو “شەمزین”، “شەم” یلەی خۆش ئەویست
وەک “سیامەند”ێ لە چۆڵ و بەندەنێ
جەرگی لەت کردم پەلی دارەبەنێ
شەتڵی جواناوم منی ساردە برین
کوا “خەج”م تا بۆم بگێڕێ گەرمەشین؟
“مانگی کانوونی بە چلوان دەرکرام”
وەک “برایم” لەو وڵاتە ڕاونرام
کوا “پەریخان” بەند و باوم بۆ بڵێ؟
بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟
ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم
کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟
لە بەراوەردی شێعری هێمن لەگەڵ شاعیرانی سەرکەوتووی هی دوو سەردەمی جیاواز واتە (بەر لە هێمن) و (پاش هێمن) ئەگەر سێ هێڵی یەک و سێ و چوار ڕەچاو نەکرێ و تەنیا مەبەستمان هێڵێ دوو بێ، واتە پەرەگرتوویی لە نێو کۆمەڵدا، بێگومان هەروەک دەبینین درێژایی ئەم هێڵە بۆ شێعری هێمن بەرچاوترە، دیارە ئەمە بەم مانایە نییە کە توخمی شێعرییەتی هێمن لە شێعری شاعیرانی سەرکەوتووی بەرلەخۆی و دوای خۆی زیاترە، نا… تەنیا لەبەر ئەوەی ڕووی دەمی ئەم کورتەوتارە لە ڕادەی وەرگری شێعرەکانە واتە هێڵی دوو. ئەگینا ئەگەر هێڵی یەک واتە جوانکارییە هونەری و فەنییەکان مەبەست بێ کەس ناگاتە نالی!
بە هێنانی پاراگرافێک لە وتەکانی حەمەسەعید حەسەن کۆتایی بە وتارەکە دێنم: شێعر چییە ئەگەر ئاستی حەماسی میللەت بەرزنەکاتەوە؟ شێعر چییە ئەگەر وەک هێزێکی کاریگەر جەماوەر نەبزوێنێ و هوشیاری نەکاتەوە؟ شێعر چییە ئەگەر وا لە مرۆڤ نەکات کە هەست بکات گەورەترین سەرمایەیە و هیچ هێزێک ناتوانێ لەبەردەم خواستەکانیدا هەتا سەر ببێتە بەربەست؟ شێعر چییە ئەگەر سەفیری گەلەکەی نەبێ بۆ لای هەموو گەلانی جیهان؟ شێعر چییە ئەگەر بەشداری لە گۆڕینی واقیعدا نەکا؟ ٩
ئەگەر ئەمانە بە ئەرکی شێعر بزانین، ئەوا هێمن بە موو لە ڕێبازی شێعری ڕاستەقینە لاینەداوە… یاد و ئاسەواری هەروا گەش و زیندوو بێ.
لە ژماره ٦٧٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه