عەباس نیلفرووشان، جێگری فەرماندەی سپای ڕێژیمی ئێران دەڵێ: سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران گەورەترین هێزی ئابووری، مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕۆژاوای ئاسیا هەیە.
عەباس نیلفرووشان، جێگری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیرنا” بە ئاماژە بەوەیکە سپای پاسداران سەرەڕای ئەوەیکە دەتوانێ توانای سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا پەرە پێبدا و لە بواری مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ڕۆژاوای ئاسیا هاوتای نییە، وتی: لە هەموو کاروباری نێوخۆیی ئێراندا سپا ڕۆڵی ئیجرایی و بەڕێوەبەری هەیە و هۆکاری سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی وڵات.
ئەو پاسدارە تێرۆریستە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە: هێزی سپای پاسداران تەنیا گرێ نەدراوە بە نێوخۆی وڵاتەوە و سپا بە دروستکردنی هێزێک لە دەرەوەی سنوورەکانی، بووەتە هۆی سەرکەوتن و بەهێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ناوچەکە و جیهاندا.
جێگەی ئاماژەیە کە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە بەردەوام مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکا و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.