به بۆنه‌ی ٢٩ی خاکه‌لێوه ،ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن
ئه‌وه‌ی که ده‌بێژن؛هونه‌ر نه‌مره، ده‌توانین له هونه‌رمه‌ند و قهڵهمبهدهستانێک وه‌کوو “هێمن “مه‌هابادی زۆر به ئاسانی ببینین و وه‌کوو واقعێک هه‌ستی پێ بکه‌ین.راسته مه‌رگ جه‌سته‌کان ده‌شارێته‌وه به‌ڵام یاد ونازناوی هونه‌ریی وشوێندانهریی خاوه‌ن هه‌ست وهزری جوانه‌کان که یه‌ک له‌وانه “مامۆستا
هێمن”ی شاعیر وشۆرشگێره بۆ هه‌میشه له ئینجانی یادی ئۆگران وله باخچه‌ی کتێبخانه‌ی کوردی به بۆنخۆشی و به‌ڕازاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
٣٠ ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی ئه‌م نووسه‌ره جوانپهرهست وخهمخۆره تێپه‌ڕده‌بێ که‌چی ئێستاشی له گه‌ڵ بێ به‌شێکی زۆر له هۆنراوه‌و شێعره‌کانی ئه‌م که‌ڵه شاعیره له گۆڵه گه‌زیزه‌ی تازه شین بووی خاکه‌لێوه ده‌چێن که له داوێنی دیوانه شێعرهکانیدا به نازوخهمزهی خهمڕهوێنهوه شنه دێ و که‌روێشکه‌ی که‌لیمه‌کانی تائێستاش کاڵ وکز نهبۆوتهوه.
ئه‌و شیخزاده سابلاخییه چۆن بوو به هێمن”ی کوردستان و به‌شێکی زۆر له شێعره‌کانی بوون به وانه‌ی کوردایه‌تی و واتای ئینسانی؟!
“هیـمن”له دایکبووی قوناخێکی هه‌ستیاری مێژووییه که ده‌توانم بڵێم بۆ کورد به‌گشتی وبه‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌رده‌مێکی تایبه‌ت بوو.ئه‌و گۆش کراوی ده‌ورانی زێڕینی جمهووری کوردستان وهه‌ر له تافی لاویه‌تیدا سه‌وداسه‌ری نیشتمانه‌که‌ی ده‌بێ و وه‌کوو “سه‌ربازێکی ره‌ند” هه‌تاکوو “دوا پشوودهبێته رێبواری رێگه‌ی عێشق وئازادی”
ده‌توانین بڵێن وه‌کوو شاعیرێکی رۆشنبیر و به‌ده‌روه‌ست به گوته‌ی به‌ختیار عه‌لی:ئینتمای بۆ شته باش وجوانه‌کانی کلتووری کورده‌واری هه‌بوو،نه‌ک بۆ هه‌موو داب ونه‌ریتی دواکه‌وتووانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆێ ،هه‌ر بۆیه له زۆر بواردا ده‌نگی ئیعتیرازی خۆی هه‌ڵدێنێ ،به‌تایبه‌تی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ کێشه‌وگرفته‌کانی ژنی کورد‌و چه‌قبه‌ستوویی و پیاوسالاریدا چه‌ندین نموونه‌ی جوان وبه‌هێزی ئه‌ده‌بی نه‌خشاندووه.
ڕاسته له ره‌وانبێژی و بێ پێچ وپه‌نای زمانی شێعری به‌جۆرێک مێراتگهری “وه‌فایی”ه به‌ڵام له بیرکردنه‌وه‌دا خاوه‌نی بیری سهردهمیانهونهریت شکێنه که ده‌بیژێ:
من ته‌شی ڕیسی وه‌کوو شیرینی وه‌فاییم بۆچییه؟
کیژی وریا‌و و چاوکراوه‌ی فێره زانینم ده‌وێ.
نه‌ته‌وه‌خوازی “هێمن” نهتهخوازییهکی هزرمهندوئینسانییه،نه‌ته‌وه ویستێکی تۆخ وکهلله ره‌ق نیه،به‌ڵکوو له ئه‌وپه‌ڕی سینگ فه‌راوانی وبیرۆکه‌ی جوانه‌وه باسی “گه‌ل”و”میلکان”ی خۆی ده‌کات وبه‌ش به‌حاڵی هه‌موو ئینسانه‌کان داکۆکیکاری مافی ڕه‌واو ئازادییه.
“ئاره‌زوومه هه‌رچی ئینسانه به‌ئازادی بژی
که‌ی گه‌لی داماوومات ودیل و یه‌خسیرم ده‌وێ!؟”
خۆشه‌ویستی نیشتمان وخه‌می بن ده‌ستی گه‌له‌که‌ی و وردبینی وجوان بینی ئه‌ده‌بیی وراستبێژی هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌لایه‌ک و لهلاێکتر ئاواره‌گی وده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ست به خه‌می رۆخێنه‌ری بێ وڵاتی کردن ، بووته هۆکاری مانایی وههرمانی هۆنراوه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره ناسک خه‌یاڵ ورهوشتبهرزه.هه‌ربۆیه له کوردستانی گه‌وره که‌س نیه ناووناوبانگی ئه‌م شاعیره شیرین زمانه‌ی نهبیستووبێ.
ره‌نگه چله‌پۆپه‌ی هه‌ستی شاعیرانه‌ی “هێمن”له ناڵه‌ی جودایی”دا پێناسه‌بکرێ که نارهنارێکی هه‌ست بزوێن وهونهرمهندانهیه، لێوانلێوه له شه‌ڕابی وشه‌ی ئاڵ وپڕاوپڕه له په‌پووله‌ی خۆشه‌ویستی وزۆرجاریش ده‌نگی پرمهپرمی گریانی شه‌وانی غووربه‌تی لێوه دێ که ده‌ڵێ”:
“منیش ئه‌ی بۆلبۆلی شه‌یدا وه‌کوو تۆم
وه‌ها دوورم له هێلانه‌و گوڵی خۆم”
هیوابه‌خشین و مهیوس نه‌بوون و هه‌وڵدان بۆ سرێنه‌وه‌ی تارمایی خه‌مساردی له‌سه‌ر ده‌لاقه‌ی چاوه‌روانی یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه بههێزوکارامهکانی قه‌ڵه‌می “هێمن”ه که ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئیخلاق وهه‌ستی پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره که هیچکات هه‌نگاوی باوڕی به‌رانبه‌ر به کۆسپ وکۆستهکان شل نه‌بوون و هه‌رده‌م ده‌یگووت:
تا بمێنێ هێزی لاق وده‌ست وپێم
دێم ودێم ودێم ودێم ودێم ودێم
ته‌نانه‌ت کاتێک وازی له خه‌باتی شاخ هێناو گه‌رایه‌وه بۆ “شار” به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بیرمه‌ندانه ده‌ستیکرد به چالاکیی فه‌رهه‌نگی وهه‌ڵکردنی چرای رووناکی به‌خشی”سروه”. هه‌رچه‌ند له‌م باره‌وه تانهوتوانچی زۆریان وه‌پاڵ خست، به‌ڵام به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته فه‌رهه‌نگییه له پانتایی کوردستان که هه‌مان گه‌شه‌ی چاپه‌مه‌نی کوردی وهاتنه مه‌یدانی ده‌یان وسه‌دان نووسه‌ری کورده به جوانی ده‌بینین و زیاتر په‌ی به‌هه‌ستی کوردانه‌و بیرمه‌ندانه‌ی “هێمن”ی خهمخۆروشاعیردهکهین.
ئه‌م شاعیره ده‌روه‌ست وهه‌ست بزوێنه هه‌ر له وه‌رزی به‌هار گیانی شاعیرانه‌ی پێشکه‌ش بوو به سروشت وجوانی خاکه‌لێوه‌ی نیشتمان و بۆ به”هێمن”ی هه‌رمانی کوردان.
یادی به نازونیازبێ.
…………………
ژێده‌ر؛ناله‌ی جودایی دیوانی مامۆستا هێمن
پاشه‌رۆک؛ کۆمه‌ڵه شیعری مامۆستا هێمن.
لە ژماره ٦٧٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه