نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراین بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای ڕاوەستانی شەڕ و تێکهەڵچوون و ئاگربەستی خێرا، بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی شاری ماریۆپۆل دەکا.
ئەمین عێوەز، نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراین، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئاماژە بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە شاری ماریۆپۆل و هەروەها بارودۆخی خراپی هاووڵاتییانی ئەو شارە، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، داوای ئاگربەستی خێرای کرد و هەروەها وتیشی: کە گیانی هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی ئەو شارە بەهۆی شەڕ و گەمارۆی هێزەکانی ڕووسیەوە لە مەترسیدایە.
ناوبراو درێژەی شەڕ لەو شارەی بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر گیانی خەڵکانی مەدەنی بەتایبەتی، ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان ناو دەبا و هەروەها گەمارۆی ئەو شارەی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە بە هەوڵێکی کارەساتبار بەدژی مرۆڤایەتی لە ئۆکراین دەزانێ.
هەر لەم پێوەندییەدا ” ئێرنا وێریشچۆک” جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراین وتی: تا ئێستا لە شاری ماریۆپۆل هیچ ڕێگایەکەی مرۆڤدۆستانە بۆ گواستنەوەی خەڵکی مەدەنیی ئەو شارە لەبەردەستدا نییە و هەموو شارەکە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە گەمارۆ دراوە.