ڕێکخراوی یونیسێڤ دەڵێ: لە ئاکامی تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی ئەفغانستاندا ٥٠ منداڵ بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەست داوە.
جۆرج لاریا ئیدیجی، بەرپرسی ناوچەیی سندووقی پشتیوانیی منداڵان، سەر بە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “یونیسێڤ”، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئاماژە بە تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی ئەفغانستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: لەماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ منداڵی کوڕ و کچ لە ئەفغانستان گیانیان لەدەست داوە.
ناوبراو بە جەختکردنە لەسەر ئەوەیکە توندوتیژی بەدژی منداڵان بە هەموو شێوەیەک دەبێ ڕابوەستێ وتی: بەپێی ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان و ئەو ئامارانەی کە بەدەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگا، چاوەڕوان دەکرێ ئاماری منداڵانی قوربانی لە ئەفغانستان لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا لەو ئامارانە زیاتر ببێ.
جێگەی ئاماژەیە کە بەهۆی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی کابول، مەزارشەریف و قۆندووز، ب ەدەیان کەس لە خەڵکی ئەفغانستان بەتایبەتی منداڵان گیانیان لەدەست داوە.