سپای پاسدارانی ڕێژیم ئێران دەڵێ: دەستمان بەسەر کەشتییەکی سووتەمەنیبەری بیانی لە ئاوەکانی کەنداودا گرتووە.
غوڵامحوسێن حوسێنی، بەرپرسی پێوەندییە ناوچەییەکانی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس وتی: دەستمان بەسەر کەشتییەکی بیانیدا گرتووە کە بە شێوەی قاچاخ سووتەمەنی لە ئاوەکانی کەنداودا دەگواستەوە و هەروەها ئەو کەشتییە ٢٠٠هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاخی پێبووە.
ناوبراو هەروەها وتیشی: پاش دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکە، ٨ کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ لێکۆڵینەوە گوازراونەتەوە بۆ بووشێهر و دراون بە بەرپرسانی قەزایی.
جێگەی ئاماژەیە کە هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ڕابردووش ڕایانگەیاندبوو کە دەستیان بەسەر کەشتییەکەی دیکەدا گرتووە کە بە شێوەی نایاسایی قاچاخی سووتەمەنی دەکا.
شایانی باسە کە؛ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی گوشارخستنە سەر وڵاتانی ئورووپای و باج وەرگرتن لەو وڵاتانە و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی، بەردەوام هەوڵی، دزین و ڕفاندنی کەشتییە بازرگانی و سووتەمەنیبەرەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا دەدا.