کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی ئاپریلی ٢٠٢٢ کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب، خاتوو کوێستان گادانی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بەڕێز حەمەڕەسووڵ کەریمی بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە دەروەی وڵات، بەڕێز ئەبووبەکر قەدیکورد نوێنەری کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە ئەساسنامە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتیی ” ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.
کۆنفرانس بە پەیامێک لەلایەن تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات کاک مەنسوور خوسرەوی کرایەوە. بەڕێزیان لە پەیامەکەیاندا وێڕای سپاس و پێزانین بۆ کار و چالاکییەکانی کۆمیتە لە دوو ساڵی ڕابردوودا و هەروەها بەشداریی گەرموگوڕی ئەندامانی حیزب لەم کۆنفرانسەدا داوای کرد کە یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات کە ئاواتی خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی حیزب و گەلە، بە زوویی وەدی بێ. لە کۆتاییدا هاورێ مەنسوور خوسرەوی پێشنیاری کرد کە بۆ رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی گەورەپیاوی حیزب و گەلەکەمان، نەمر کاک جەلیل گادانی، ئەم کۆنفرانسە بە ناوی ئەم نەمرەوە ناودێر بکرێ، کە تێکرای بەشدارانی کۆنفرانس بە گەرمی پێشوازیان لەو پێشنیارە کرد و کۆنفرانسی کۆمیتەی نۆرویژ بە ناوی نەمر “جەلیل گادانی” ناودێر کرا.
دواتر ڕاپۆرتی هەئیەتی ئامادەکاری کۆنفرانس لەلایەن بەرێز حەسەن غەمبار پێشکەش کرا.
لە درێژەی بڕگەی یەکەمی کۆنفرانس، بەرێز “خالید عەزیزی” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە کار و تێکۆشانی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، بە پێشکەشکردنی وتارێکی سیاسی تیشکی خستە سەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و هەڵوێستی حیزب لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردی و ئێرانی، کاری دیپلۆماسی لە دنیای دەرەوە و هەروەها دوایین ئاڵوگۆڕەکان و پرسی یەکگرتنەوەی بنەمالەی گەورەی دێموکرات.
سکرتێری گشتی حیزب لە میانەی وتەکانیدا وێڕای بەرزنرخاندنی چالاکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی واقعبینی خۆی دەروانێتە ئاڵوگۆڕەکان و لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی دادەرێژێ.
لە درێژەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسدا بەڕێز حەمەڕەسووڵ کەریمی، لەسەر پرسە تەشکیلاتیەکان، ڕاسپاردە و بڕیارەکانی حیزب و کۆمیتەی بەرێوەبەریی دەرەوەی وڵات و هەروەها ماف و ئەرکی ئەندام چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.
دواتر هاوڕێ ئەبووبەکر قەدیکورد، چەند وتەیەکی سەبارەت بە کارەکانی کۆنفرانس پێشکەش کرد.
هەروەها پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنفرانس لەلایەن خاتوو نەمام زەرینفام، بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە نۆروێژ و پەیامی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆنفرانس لەلایەن هاوڕێ کامیل ئوستادئەحمەدی، بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات خوێندرانەوە.
لە کۆتایی ئەم بڕگەیەی کۆنفرانس، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ لەنێوان دوو کۆنفرانسدا لەلایەن بەڕێز هاشم رۆستەمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ(لە نێوان ئەم دوو کۆنفرانسدا) پێشکەش کرا.
جێی ئاماژەیە کە، ڕاپۆرتی کۆمیتەی وڵاتی نوروێژ زۆر بابەتیانە و ورد و دەقیق باسی کار و تێکۆشانی بە سیستەمکراوی دوو ساڵی ڕابردووی لە خۆ گرتبوو، هەر بۆیەش زۆر بە گەرمی لەلایەن بەشدارانی کۆنفرانسەوە پێشوازی لێ کرا.
لە بڕگەی دووهەمی کارەکانی کۆنفرانسدا، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی بەشداری کۆنفرانس، ڕەخنە و پێشنیار و تێبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە باسە سیاسی و تەشکیلاتییەکان و ڕاپۆرتی کۆمیتەی نۆروێژ خستە بەرباس کەلایەن هاوڕێیان خالید عەزیزی، حەمەڕەسووڵ کەریمی و هاشم رۆستەمی وڵام درانەوە.
دواتر خاتوو کوێستان گادانی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات چەند ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر ساختار و سازماندەیی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە کار و چالاکیی ئەندامانی کۆمیتەی پێشوو، لەوحەی ڕێزلێنانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و ئاڵای پیرۆزی کوردستانی پێشکەش بە دەستەی بەرێوەبەری پێشوویی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ کرد.
لە بەشێکی دیکەی کارەکانی کۆنفرانس دا سپاسنامەی کۆمیتەی نۆروێژ لە لایەن هاوڕێیان حەسەن غەمبار و خوسرەو قادری بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی نۆروێژ پێشکەشی هاوکارانی بەشەکانی کۆمیتەی نۆروێژ لەماوەی دوو کۆنفرانس کرا.