پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، زێدەڕۆیی و دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە بۆ سەر وڵاتەکەیان، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا لێکۆڵینەوەی وردی بۆ دەکرێ.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە بە واژۆی ٥٠نوێنەری پەرلەمان نووسراوە ڕایگەیاند کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی تورکیە، زێدەڕۆی و دەستدرێژی زۆریان کردووەتە سەر ئەو وڵاتە. هەر بەو مەبەستە بە ئامادەبوونی “فواد حوسێن” وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەک بۆ لێکۆلێنەوە لەسەر زێدەڕۆییەکانی دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیە بۆ سەر وڵاتی عێراق دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن.
لەماوەی مانگی ڕابردوودا، سپای تێرۆریستی پاسداران، زیاتر لە ١٢مووشەکی ئاراستەی شاری “هەولێر”ـی پێتەختی هەرێمی کوردستان کرد و بۆ پاساوهێنانەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە: “ناوەندێکی هەواڵگریی ئیسرائیل لەو شارەمان کردووەتە ئامانج”، لە حاڵێکدا ئیسرائیل هیچ بنکە و ناوەندێکی لە هەرێمی کوردستاندا نییە و بەرپرسانی پلەبەرزی هەرێمی کوردستانیش پاساوی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ڕەت کردەوە کە ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان بنکە و ناوەندی هەواڵگریی هەبێ و خودی سپای تێرۆریستی پاسدارانیش لەو بارەیەوە هیچ بەڵگەیەکی پێ نییە.