حەسەن نەسرۆڵا لە بەرەبەری هەڵبژاردەنەکانی پەرلەمانی لوبناندا، داوای بڕی ٢٥ میلیۆن دۆلاری لە ئێران کردووە.
ڕۆژنامەی “عەکاز” کە لە عەرەبستان بڵاو دەبێتەوە لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆێدا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە لوبنان، ڕێبەرانی حیزبوڵای لوبنان لە دەفتەری “عەلی خامنەیی” ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران، داوای بڕی ٢٥ میلیۆن دۆلاری پارە بۆ چالاکییەکانی حیزبوڵایان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە بەرپرسانی لوبنانی داوایان لە ڕێبەری ئێران کردووە کە جگە لە بودجەی ساڵانە کە دەیدەن بە حیزبوڵا، هەوڵی خۆیان بدەن کە ٢٥ میلیۆن دۆلاری دیکە بگەیێننە ئەو گرووپە.
ئەو پارەیە بە مەبەستی بەهێزکردنی جێگە و پێگەی حیزبوڵا لە پەرلەمانی لوبنان و دابینکردنی ماڵیی کەسایەتی و گرووپە هاوپەیمانەکانی حیزبوڵا وەردەگرن.
بەرپرسانی حیزبوڵای لوبنان لەو وتووێژەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ یارمەتی بە بەهێزکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر لایەنە سیاسییەکانی دیکەی لوبنان دەکا.