چالاکانی سینفیی مامۆستایان، هاوکات لەگەل شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مامۆستایان لە شارەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە؛ هێڵەکانی ئینتێرنێت بە تەواوەتی داخراون و دەسبەسەرکرانی مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی، مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئێران لە هەموو شارەکان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی خراپی ئابووریی مامۆستایان و هەروەها داوای ئازادکردنی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو لەبەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ناوەندی پارێزگاکان و هەموو شارەکان بەڕێوە چوو؛ ئەو نارەزایەتییە مەدەنییانەی مامۆستایان ڕووبەڕووی سەرکوت و توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆوە و کۆمەڵێکی دیکە لە مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و هەروەها هێڵەکانی ئینتێرنێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پچڕا.
هەر لەم پێوەندییەدا چوار کەس لە چالاکانی ڕێکخراوی سینفیی مامۆستایان بە هەواڵدەریی” ئێمتداد”یان ڕاگەیاندووە کە؛ لەبەردەم بینای وەزارەتی پەروەرەدە و بارهێنان لە تاران، زیاتر لە ٤٠ مامۆستا و چالاکی فەرهەنگی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.