وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چوارەمین ساڵی دەسبەسەرکرانی “عیماد شەرقی” لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا داوای ئازادکردنی ئەو بازرگانەی دانیشتووی ئەمریکا دەکا.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی باجوەرگرتن، هاووڵاتییانی ئێرانیی دانیشتووی ئەمریکا وەک بارمتە دەگرێ و بەندیان دەکا نووسی: ٤ ساڵە بنەماڵەی “عیماد شەرقی” چاوەڕوانن کە ناوبراو لە بەندیخانەکانی ئێران ئازاد بکرێ، ئێمە داوا لە ئێران دەکەین کە دەست لەو کارە نامرۆڤانەیە هەڵبگرێ و ئەو بەندکراوە ئازاد بکا.
هەر لەم پێوەندییەدا “مارکۆ ڕۆبیۆ” سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە بەندکرانی ئەو بازرگانەی دانیشتووی ئەمریکا لە بەندیخانەی مەترسیداری ئێڤین، نادادپەروەرانە و نامرۆڤانەیە، نووسی: ئەو تۆمەتگەلەی کە ڕێژیمی ئێران خستوویەتە پاڵ ناوبراو، بێبنەما و دوورن لە ڕاستی و دەبێ ڕێژیمی ئێران بە خێراترین کات ناوبراو ئازاد بکا.
شایانی باسە کە عیماد شەرقی، یەکێکە لەو چوار کەسە ئێرانی_ ئەمریکاییانەیە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون؛ ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی “باقر نەمازی، سیامەک نەمازی و موردا تەهاباز” ماوەیەکە بوونەتە یەکێک لە کێشە چارەسەرنەکراوەکانی وتووێژەکانی ڤییەن لەنێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئەمریکادا.