باڵوێزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریکا، وتی: ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا مەترسیدارە.
ڕۆژی هەینی ٢ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕان دەرمێر، باڵوێزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریکا لەسەر هەڵسوکەوت و بێ بەڵێنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران و هەرشێوە بڕیاردانێک بۆ سڕینەوەی ناوی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا، دەبێتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ناوچەکە بە گشتی، لەبەر ئەوەی بە درێژایی مێژووی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا لەگەڵ پەیڕەو و یاسای خۆشیدا ڕاست نییە و بەهیچ شێوەیەک ناکرێ متمانە بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکرێ.
ناوبراو هەر لەو بارەوە وتی: بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی ئێران، ئەمریکا دەکاتە ئامانج نە ئیسرائیل و لەوانەیە سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئیستادا لە دەوروبەری ئەمریکادا چالاکی دەکا.
بەپێی بەڵگەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا سپای پاسداران زۆری هەوڵدا لە شوێنێکی گشتیی “واشینگتۆن” تەقینەوە دابنێ و باڵوێزی عەرەبەستان بکاتە ئامانج و ئێستاش سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران، لە هەوڵی ئەوەدایە کە بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا تێرۆر بکەن و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر باڵوێزخانەکانی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی، بۆیە ڕێژیمی ئێران بەهیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ بکرێ.