حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سپای تاران، بەئاماژە بە وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و کەمکردنەوەی چالاکییەکانی سپا وتی: سپا لە هیچ کات و شوێنێکدا سنووردار و بەرتەسک نابێ.
حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە تاران، ڕۆژی هەینی ٢ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی سەرەڕای ئاماژە بە ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و هێڵە سوورەکانی ئێران و دەنگۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سپای پاسداران وتی: ئەو کەسانەی کە سپای پاسداران بە مێشک کۆن و خۆ فرۆش ناو دەبن و سپای پاسدارانیان خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە دەبێ ئەوە باش بزانن کە سپای پاسداران بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی ئیزن لە هیچ کەس و وڵاتێک وەرناگرێ و هیچ کات و شوێنێکیش ناتوانێ بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سپا ڕاوەستێنێ و سنوورداری بکا.
جێگەی ئاماژەیە لەکاتێکدا وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن نزیک ببووەوە لە ڕێککەوتن، ڕێژیمی ئێران بە هێنانە بەرباسی داواکاریگەلێک لە دەرەوەی ڕێککەوتنی بەرجام وەکوو هاتنەدەرەوەی سپای پاسدارانی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکا و لاچوونی گەمارۆ لە سەر هێندێک لە بەرپرسان و ڕێکخراوەگەلی نزیک لە خامنەیی، بوو بەهۆی ڕاوەستانی وتووێژەکانی ڤییەن.
لەلایەکی دیکەوە”ئەحمەد خاتەمی” پێشنوێژی هەینی تاران، داوای ڕووبەووبوونەوە و سزادانی ئەو کەسانە دەکا کە دژایەتی هاتنەدەرەوەی سپای پاسداران لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکەن و هەروەها وتیشی: ئەوکەسانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا قسە دەکەن.