ڕووسیە ڕایگەیاند کە “کامالا هەریس” جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا و “مارک زاکێربێرگ” بەرپرسی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، گەمارۆیان خراوەتەسەر و هاتنیان بۆ ڕووسیە قەدەغەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاردانەوە بە گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی بەرپرسانی ڕووسیە بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە، هاتنی ٢٩ بەرپرسی سیاسیی، کەسایەتییە دیارەکانی ڕاگەیاندن و بازرگانی ئەمریکایی بۆ ڕووسیە قەدەغە کرد.
بەرپرسە دەوڵەتییە دیارەکانی ئەمریکا کە لەلایەن ڕووسیەوە گەمارۆیان خراوەتەسەر پێکهاتوون لە “کامالا هەریس، جێگری سەرۆککۆمار، کاتلین هیکس، جێگری وەزیری بەرگری، جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری و نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەەی ئەمریکا”.
هەرلەم پێوەندییەدا، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەەی ئەمریکا، لە کاردانەوە بە گەمارۆکانی ڕووسیە وتی: تووڕە کردنی حکوومەتێک کە درۆ دەکا، هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێی خۆی و ئازادی و سەربەخۆیی لە جیهاندا دەباتە ژێر پرسیار شانازییەکی گەورەیە.