لەسەر داوا و بەدواداچوونی بەردەوامی ڕێکخراوای لێبوردنی نێونەتەویی لە کانادا لقی ترای سیتی، رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئاوریلی ٢٠٢٢، ئەندام پەرلەمانی وڵاتی کانادا، “ران ماکنن” سەبارەت بە دۆخی زارا محەممەدی نامەیەکی ئاراستەی داواکاری گشتیی شاری سنە و نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ کرد.
لەو نامەیەدا ڕوو بە داواکاری گشتیی شاری سنە و هەروەها نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە کە:
وەک ئەندام پەرلەمان و ئەندامێکی دێرینی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە زارا محەممەدی، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنیی کورد و مامۆستای زمان ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم.
من بەم دواییانە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ترای سیتی کۆبوومەوە و ئەوان ئاگاداریان کردمەوە کە داواکارییەکەی خاتوو محەممەدی ڕەتکراوەتەوە. ساڵی ڕابردوو دادگای پێداچوونەوەی سنە بە هەڵە ناوبراوی بە تاوان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار کرد و سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند؛ هەروەها ئاگادارم کە چەند مانگێک پێش ئێستا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی داوای لێکرا خۆی ڕادەستی دەسەلاتداران بکاتەوە.
خاتوو محەممەدی هاوسەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی نۆژینە، ڕێکخراوێک کە کارەکەی بریتییە لە فێرکردنی زمان و ئەدەبی کوردی بە سەدان منداڵ لە شاری سنە و دەوروبەری. بەپێی ڕاپۆرتەکانی نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کەمینە ئیتنیکییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کورد و ئازەریشەوە، بە شێوازی نەگونجاو و نابەرابەر دەسبەسەر دەکرێن و ناڕازییانی سیاسی توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێت. من وەک لایەنگری مافەکانی مرۆڤ، داوادەکەم داواکارییەکانی خاتوو محەممەدی جێبەجێ بکرێت.
بە سپاسەوە
ڕان ماکنن، ئەندام پەرلەمانی کانادا