بەهۆی وشکەساڵی، ڕۆچوونی زەوی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم زیاتر لە ٣٠ میلیۆن هێکتار لە زەوییەکانی ئێران خەریکە بێ کەڵک دەبن.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە جیا لە هۆکاری سروشتی، سیاسەتی هەڵەی کاربەدەستان ئەو وڵاتەی تووشی قەیران لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە و ژینگەی ئەو وڵاتەش ڕووبەڕووی کارەسات بووەتەوە.
مەسعود مەنسوور، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سروشتی و ئاوییەکانی ئێران، لە وتوێژێکدا لە گەڵ ڕاگەیاندنەکان سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتی ژینگەیی لە ئێران هۆشداری دا و وتی: ٣٢ میلیۆن هێکتار زەوی بەرەو بە بیابان بوون دەڕوات و لەو ٣٢ میلیۆن هێکتارە ١٤ میلیۆن هێکتار بە هۆی ڕۆچوون و ٧ میلیۆن هێکتاری دیکەش زیخ و لم دایگرتووە.
ناوبراو بە بێ ئەوەی ئاماژە بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو بووارە بۆ پێشگرتن لەو کارەساتە بکا وتی، ئەگەر بە زووترین کات بە دواداچوون بۆ ئەم دۆخە نەکرێ، بە هۆی خوڵبارین و زیخ و لمەوە، بەشێکی زۆر لە زەوییە کشت و کاڵییەکان، جادە و هێلی ئاسنینی شارەکان لە کار دەکەون.