هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان مێرمنداڵێکی کورد دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازنەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم، لە شاری سەلاسی باوەجانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵیان بە ناوی ڕامین ڕەحمانی دەسبەسەر کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزە سەرکوتکەرانە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی ڕامین و وێڕای دەسبەسەر کردنی ناوبراو ماڵەکەشیان پشکنیوە.
تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو و لە شوێنی راگیرانی هێچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
جێی ئاماژەیە کە ماوەی یەک مانگی یەکەمی ساڵێ ١٤٠١ی هەتاوی زیاتر لە ٦٠ کەس لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعەتی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمە کراون.