هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە لە کاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دەسبەسەر کرابوو لەلایەن داداگای ورمێ، حوکمی بەندکرانی بە سەر داسەپا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، محەممەد سدیق عەزیزی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای سەربازی ١ی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم، سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کاتێکدا سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بوو، لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری ئەرتەش لە بنکەی سەربازی قووچەکی تاران دەسبەسەر و چەند ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانی بۆ ورمێ گوازرایەوە و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شنۆ، گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ و گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە محەممەد سدیق عەزیزی لە ماوەی دەسبەرکردنەکەیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.