ئەرتەشی ئیسرائیل، سایتێکی ژێرزەمینیی بەرهەمهێنانی ماتۆڕی مووشەکی لە غەزە کردە ئامانجی مووشەکەکانی و بە تەواوی وێرانی کرد.
درەنگانی شەوی چوارشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە وڵامی هێرشی مووشەکیی کە لە “غەزە”ـوە کرایە سەر ئەرتەشی ئیسرائیل، سایتی ژێرزەمینیی کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ماتۆڕی مووشەکی، کراوەتە ئامانجی مووشەکەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و بە تەواوی خاپوور کراوە و ئەرتەشی ئیسرائیل ئەوەشی باس کرد هەموو کردەوە تێرۆریستییەکان لە غەزە، گرووپی تێرۆریستیی حەماس لیی بەرپرسیارە.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سایتی ژێرزەمینیی بەرهەمهێنانی ماتۆڕی مووشەک لە غەزە لە کاتێکدا ڕوویدا کە، ڕووبەڕووبوونەوەکان لە “ئۆرشەلیم” تەشەنەی سەند و بۆ دووهەمین جار لە حەوتوویەکدا گرووپی حەماس لە غەزەوە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و دوای ئەو هێرشانە ئەرتەشی ئیسرائیل وڵامی کردەوە تێرۆریستییەکانی حەماسی داوەتەوە و سایتی بەرهەمهێنانی ماتۆڕی مووشەکی لە غەزە کردە ئامانج و خاپووری کرد.