شەوی چوارشەمە لە سەر پەنجشەممە ١ی بانەمەڕ ئەندامێکی لە مێژینەی حیزبی دێموکرات بە ناوی مزەفەر قوربانی خەڵکی ئاوایی بزوەش لە ناوچەی بێڵەواری کامیاران بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک مزەفەر ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی حیزب بوو کە هەر لە سەرەتای لاویەوە هاوکاری حیزبی دێموکرات و کادر و پێشمەرگەی حیزب بووە.
هەر لە بەر ئەو خەمخۆری و بەهەڵوێستیەیەوە چەندین جار لە لایەن ئیتڵاعات و سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ئازار دراوە، بەڵام هیچکات ئەوە کاری لە ورەی ناوبراو بۆ درێژەدان بە ڕێگە و ڕێبازەکەی نەکرد و تا دوایین ساتەکانی ژیانی هەر وەفادار بە حیزبی دێموکرات و ئاوات و ئارەزووی بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانی و هەموو کەسوکاری ناوبراو دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.