کۆڕێکی ئەدەبی بۆ پەردەلادان لەسەر چوار بەرهەمی هێمن تەرواڵ، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە کتێبخانەی گشتیی ئەو حیزبە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆڕێکی ئەدەبی بۆ پەردەلادان لەسەر چوار بەرهەمی ئەدەبی، لە نووسین نووسین و وەرگێڕانی هێمن تەروال، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لە کتێبخانەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆڕەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ڕێبای شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد و دواتر کاک مەنسوور مروەتی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باسێکی لەسەر سیاسەتە بنەماییەکانی حیزب دێموکراتی کوردستان لەهەمبەر پاراستن و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی و کولتووری نەتەوایەتیی کورد پێشکەش کرد.
بەڕێز مروەتی، لەنێوئاخنی باسەکەیدا بە سەرنجدان بە شەپۆلی بەربڵاوی ڕووناکبیری و کار و بەرهەمی چاپکراوی چەند دەیەی ڕابردووی نووسەرانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بە گەیشتنی پەیامە مێژوویییەکەی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان بە هەموو سووچێکی نیشتمان کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، بەڕێز هێمن تەروال، باسێکی گشتیی لەسەر سیاسەتی دوو ڕێژیمی پەهلەوی و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر نووسین، داهێنان و ئافراندنی سەربەخۆ و شوێندانەر لە بیرکردنەوە و جووڵەی سیاسیی کۆمەڵگە پێشکەش کرد، پاشان بە کورتی بەرهەمە چاپکراوەکانی خۆی بە بەشداربووانی کۆڕەکە ناساند و لە بڕگەی کۆتاییشدا بەرهەمەکانی نووسەر لەلایەن دوو ژنە شەهید، خاتوو “خەدیجە پوورمەند” و خاتوو “سورەییا پەیرەوان” پەردەیان لەسەر لادرا.
“دیرۆکی ئافراندن” و “هۆنراوەکانی خەییام” وەرگێڕانی نووسینەکانی سادق هیدایەت، لەگەڵ دوو کورتە چیرۆکی “دەڵەسەگ” و “گۆڕەوجیو” ناونیشانی ئەو چوار بەرهەمەی کاک هێمن تەرواڵ بوون کە لەو کۆڕەدا پەردەیان لەسەر لادرا و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کران.